هەواڵەکانی دەنگدان
سەرۆکى هەرێمى کوردستان کاتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیارى دەکات
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاشکراى دەکات، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە دوو مانگى داهاتوو کاتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیارى دەکات و هاتنى برێت مەکگۆرکیش بۆ هەولێر پشتڕاست دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە (16/کانوونى دووەم/2023) فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا لە بارەى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى ڕایگەیاند، "هیوادارین ناکۆکییەکان زیانى بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەبێت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەمیشە چەترێک بووە بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەک و ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم ئەرکە، چونکە ئەمە ئەرکێکی راستەوخۆی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و بەردەوامیش دەبێت لە هەوڵەکانی، بێگومان ئەوەی ئێستا روویداوە ئێمە پێمان ناخۆشە، بەڵام دەبێت گەشبین بین. "
فەوزى هەریری لە بەشێکى قەسەکانى ئاماژەى بەوەکرد، “دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، لە دوو مانگی داهاتوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو رۆژە دیاری دەکات، بەڵام ئەرکی پەرلەمانى کورستانە کۆببێتەوە و پرسى یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن چارەسەر بکات.”